Halabja media
Image default
وتار

گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان پێویستییەكی حەتمیە

وا بڕیارە بەپێی ڕێکكەوتنی ئەمەریکا و حکوومەتی عێراق تا ٣٠ ئەیلوول هێزەکانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بە یەکجاری پاشەکشە لە عێراق بکەن، ئەوکات ئەو هەلە زێڕینە لە پێشوازیی رێکخراوی داعش کراوە دەبێت. ئاخر هێشتا هێزەکانی هاوپەیمانان ناوچەکانی عێراقیان جێنەهێشتوە داعش لێرەولەوێ دەستیان بە جووڵە کردووە، رۆژانە چالاکی و پەلامارەکانیان رووی لە زیادی کردووە، داعش وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی جیهانی کە سنووریان بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکانیان نەهێشتووەتەوە، مەترسییان بۆ جیهان دروست کردووە، ئەوەش بە کردەوە قێزەونەکانیان لە کوشتن و بڕین و وێرانکردن و هەوڵی ڕووپۆشکردنی جیهان بە تەمێکی لێڵ و جەهل.

ئەمە پێشتر وای کرد هاوپەیمانیەتیەکی نێودەوڵەتی دژیان دروست بێت و ڕێ لە کردەوەکانیان بگیرێت کە ئەمەریکا سەرکردایەتیی دەکات، کوردیش لەو هاوپەیمانەتیە جیهانیە پشکی شێری بەرکەوت لە تێکشکانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، زۆرترین خوێنی بەخشی، چونکە داعش لە چەند ڕۆژێکدا و لە سەرەتای سەرهەڵدانیان ڕووبەرێکی فراوانیان لە عێراق و سوووریا کۆنتڕۆڵ کرد و چی چەک و تەقەمەنی و ئیمکاناتی سوپای عێراق و سووریا هەبوو کەوتە چنگیان، وەک گرووپێکی بەهێز لە جیهان هاتنە مەیدان و دوژمنایەتیی خۆیان بۆ دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکانیش خستە ڕوو بە تایبەت دژی هەرێمی کوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەر ئیداری هەرێمی كوردستان.

بەڵام هەر زوو خۆیان لە بەرامبەر قارەمانی و بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی تێکۆشەری کورد بینی و وەک شوورایەکی پۆڵاین لە بەرامبەریان وەستان، بە جۆرێک لە شەڕی بەرگرییەوە چالاکیی پێشمەرگە گۆڕا بۆ ڕزگارکردن و پاکكردنەوەی نیشتمان لە شەمشەمەکوێرە داعشیەکان. بە شێوەیەک کە ئەمەریکا وەک سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، مژدەی سەرکەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند و کورد و پێشمەرگەی وەک سەرەکیترین هاوپەیمان ئەژمار کرد لە تێکشکاندنی داعش لە عێراق و سووریا.

بەڵام دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و گەڕانەوەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان، بە موئامەرەیەکی جیهانی و ناوچەی و ناوخۆیی و پاشەكشەی پێشمەرگە لەو ناوچانەی لە چنگی داعش دەریهێنابوون، بۆشاییەکی ئەمنی دووبارە ناوچەکەی گرتەوە و ناوچەكە بۆ تەراتێنی داعش فەراهام بووەوە، بە جۆرێك ئێستاش چالاکی و جموجۆڵیان هەیە و ناوبەناو خەڵکی ناوچەکە ڕوبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە.

بەڵێ هەر لە دوای ئەوەی سوپا فشۆڵەکەی عێراق ناوچەکانی کۆنتڕۆڵ کردەوە و حوکمی سەربازیی سەپاندە سەر ناوچەکە، داعش سوودی لە نەبوونی پێشمەرگە بینی و گەڕانەوە ناوچە جێناکۆکەکان و دووبارە خۆیان ڕێکخستەوە، بە جۆرێک ئێستا ئیدارەدانی ئەمنیی ئەو ناوچانە پێویستی بەوە هەیە لێکتێگەیشتن لەنێوان سوپای عێراق و پیشمەرگەی کوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی دووبارە نەهامەتی ڕوو لە ناوچەکە نەکاتەوە، واتا پێویست دەکات هێزی پێشمەرگە ڕێگای پێ بدرێ بە شێوەی فەرمی بگەڕێتەوە و هەماهەنگی لەنێوان سوپا و پێشمەرگە هەبێت و هاوکاریی پێشمەرگە لە پێداویستیی لۆجستی بکرێت تا ڕووبەڕوی مەترسییەکانی سەر ناوچەکە بڕەوێنرێتەوە.

چونکە داعش ئێستا سەرەڕای ئەو چەكدارانەی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان مۆڵی داون، شانەی نووستووی لە شارەکانیشدا ڕێک خستووەتەوە و، ئەو ناوچانەی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کە بۆشایی ئەمنیی لێ دروست بووە، ژمارەیەکی زۆر لە شانەی نووستووی لێ مۆڵ دراوە کە زۆربەیان لەژێر ناوی شوانی و مەڕلەوەڕێن و کاسبی لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک و تووز و دوبس و هتد .. خەواندوە و لە کاتی پێویست دەست بە فەرمان دەبن و ئەوکات دۆخەکە بەرەو لێواری غلۆربوونەوە هەنگاو دەنێت.

بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراقی ئەو ڕاستییە باش بزانێت کە سوپاکەی هەمان ئەو سوپایەیە کە لە ئان و سات ناوچەیەکی فراوانی بە هەموو ئیمکاناتەکەیەوە ڕادەستی چەکدارانی داعش کرد، ئێستاشی لە گەڵدا بێت حاڵی لەو کاتە باشتر نیە و بگرە خراپترە، دوژمنایەتیکردنی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دژ بە داعش لە لایەن گرووپ و ملیشیاكان و هەڕەشەکردن لە هاوپەیمانان، بۆشاییەکەی فراوانتر کردووە، بە جۆرێک ئەگەر پێشمەرگەی لێ نەبێت، ئەمجارە داعش هەنگاوی وردتر بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە ئەنجام دەدەن و کارەساتی گەورەتر بەسەر خەڵک و ناوچەکە دەهێنن.

دەبێ حکوومەتی عێراق عەقڵانیتر لە بابەتەکە بڕوانێت لە چارەسەرکردنی بۆشاییە ئەمنیەکەی کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر دروست بووە لە غیابی پێشمەرگە و دەبێت هەرچی زووترە پێشمەرگە بە هەماهەنگیی سوپای عێراق ناوچە گومانلێکراوەکان پاک بکەنەوە و مەترسیی داعش لەسەر ناوچەکان نەهێڵن، ئەوەش بە ڕێكکەوتنێک دەبێت بە هەڵگرتنی هێزی سەربازی لەسەر شار و ناوچەکان گەڕانەوە دۆخی شارستانی بۆ کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بە هەماهەنگیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دۆزینەوەی شانە نووستووەکانی داعش لە سەرجەم ئەو شوێنانەی ئەرکیان پێ سپێردراوە.