ۆمارکردنی زیاتر لە شەش هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە ماوەی مانگێکدا لە عیراق کە لەسەر بنەمای زانیارییە فەرمییەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاو کراوەتەوە، نیشانەی قەیرانێکی قووڵی کۆمەڵایەتییە لەناو خێزانەکان و کۆمەڵگەدا.
بەپێی داتاکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، زۆرترینی ئەو حاڵەتانەی کە تۆمار کراون لە ناوچە قەرەباڵخ و چڕەکانی وەکوو بەغدا و بەسڕەیە. پارێزگای بەغدا بە دوو هەزار و ٦٢٠ حاڵەت لە پلەی یەکەم و پارێزگای بەسڕە بە ٦٢٠ حاڵەت لە پلەی دووەمدایە کە گرفتەکانی نەبوونی هەلی کار و قەیرانی دارایی گوشارێکی زۆر دەخەنە سەر دانیشتوانی ئەم ناوچانە. هاوکات بەشێکی دی لە هۆکارەکان بە خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی هوشیاریی کۆمەڵایەتی لە کاتی چوونە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری خراوەتە ڕوو.
لێکترازانی خێزان بەئاسانی و بەخێرایی، ناسەقامگیریی قووڵی کۆمەڵایەتی پیشان دەدات، بەتایبەت لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا کە هێشتا لە بەشێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بێبەشە، بۆیە پێویستی بە لێکدانەوە و شیکردنەوەی فرەلایەن هەیە، ئایا لە ماوەیەکی کەمدا هەڵوەشانەوەی ئەم ژمارە زۆرە لە خێزان ئاساییە؟ کامە هۆکار لە ڕیزی یەکەمدایە بۆ جیابوونەوە و لێکترازانی ئەو پێکهاتەیەی کە بە بنچینەی دروستبوونی کۆمەڵگە دادەنرێت.
بەپێی داتاکان، لە شارە گەورەکاندا هەڵوەشانەوەی خێزان زیاترە، بەراورد بە کۆمەڵگە و گوندەکان، ئایا کۆمەڵگەی عێراقی سوودی لە تێکەڵبوونی کولتوورەکان و کرانەوەی جیهان بەهۆی تەکنەلۆژیاوە وەرنەگرتووە و بەپێچەوانەوە زیانی لێ بینیوە؟ هەروەها کۆچی بەردەوامی خەڵکی گوند بۆ شارەکان و تێکەڵبوونی ئەم دوو ئەقڵییەتە پێکدادان و نەگونجانێکی وەهای دروست کردووە کە کاریگەریی لەسەر تەواوی خێزانەکان و بەتایبەت ئەو خێزانانە دروست کردووە کە تازەن و هێشتا بەتەواوی جێگیر نەبوونە و بەرگەی ئەم پەستانە دەروونی و کۆمەڵایەتییە ناگرن؟
لە ڕابردوودا لە کاتی ڕوودانی زۆربەی کێشەکاندا، گەورەی خێزان یان بنەماڵە (بەتەمەنەکان) ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە چارەکردنی کێشەکاندا دەبینی، ئێستا بەهۆی گۆڕانی پێکهاتەی خێزانەکان و بچووکبوونەوەیان، بەتەمەنانی بنەماڵە ئەم ڕۆڵەیان نەماوە! چونکە زۆربەی حاڵەتی هەڵوەشانەوەی خێزانەکان لەو خێزانانەدا ڕوو دەدات کە لە تەمەنی ناپێگەیشتووییدا خێزان پێکدەهێنن.
دەبێ لە کاتی لێکدانەوە یاخود باسکردنی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییانە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە مرۆڤ لە (عێراقی نوێ)دا تووشی جۆرێک لە (نامۆبوون) هاتووە و لە قەیرانی ناسنامەدا دەژین، چونکە بەگشتی سەردەمی نوێ بەهاکانی قوربانیدان بۆ خێزان و ئارامگرتن لەناو ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی گۆڕیوە بۆ بەکاربردن، خۆپەرستی و چێژی کاتی، ئێستا کوڕ و کچەکان پێکهێنانی خێزان لە بەدیهێنانی ئارەزووە کەسییەکانیاندا دەبیننەوە، نەک دروستکردنی ئارامگەیەک بۆ حەوانەی کۆمەڵایەتی و دەروونی، هاوکات پێگەیاندنی نەوەیەکی ساغڵەم، بۆیە لە یەکەم کێشەدا بیر لە جیابوونەوە دەکەنەوە، لەجیاتی چارەسەر، هەروەها لەو سەردەمی ونبوونی ماناکان و دڵەڕاوکێی بونگەرایی تاک لە کۆمەڵگەدا دووجاری بێهیواییەکی هەمیشەیی بووەتەوە، ئەم دڵەڕاوکێ هەمیشەییە لەسەر پەیوەندییەکان ڕەنگ دەداتەوە و وایان لێدەکات بەرگەی سەختییەکانی ژیان نەگرن.
ئەم بازدانە ئامارییانەی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا ڕوو دەدەن، شۆڕشی دیجیتاڵی و کرانەوەی دەرگا و پەنجەرەکان بۆ ناو ژیان و شوێنی تایبەتی تاکەکان و دەستڕاگەیشتنی ئاسان بە پەیوەندیکردن، وێنە و ڤیدیۆ شۆڕشی بەسەر ئەو گۆشەگیرکردنە کۆمەڵایەتییەدا کردووە کە بە هۆکاری هەڵاواردنی جێندەرییەوە هەیە، بەهۆی ئامێرێکەوە کچان یان گەنجان دەتوانن پەیوەندی بە هەرکەسێکەوە بکەن کە لە هەر قوژبنێکی ئەم جیهانەدا نیشتەجێیە، هەروەها ئاگاداری گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان دەبن، ئەمەش لە گەنجی ڕازی و بیدەنگەوە بۆ کەسی داواکار و سەرکەش دەیانگۆڕێت و بەبێ پێشکەوتنی مەعنەوی لەم پێشکەوتنە ماددییەدا دەژین، لە ئەنجامدا ئاڵۆزییەک دروست دەکات کە پێی دەگوترێت (کەلێنی کولتووری)، چونکە بە هۆکاری قۆرخکاری و گەندەڵی کەسانێک کە لە ئاستی نزمی هۆشیاریدان دەستیان بە دارایی و ماددەی زۆر دەگات، ئەمەش دەبێتە هۆی هەبوونی باڵەخانە و ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز، بەڵام دواکەوتوو لە بواری ڕۆشنبیریی ژیان و ژیاریدا.
هەروەها هەبوونی ڕێژەیەکی زیاتر لە ژنان لە بواری کاردا و پاڵپشتیی دارایی کە خاڵێکی ئەرێنییە وای کردووە ژنان ناچار نەبن بەرگەی هەموو جۆرە ژیان و ناهاوسەنگییەک بگرن کە بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە لەلایەن پیاونی خێزانەوە تووشی دەبن. ئەگەرچی هێشتا عێراق وڵاتێکە کە جیاکاریی رەگەزیی تێیدا بەرزە و دەسەڵاتی بەڕێوەبردن دەسەڵاتێکی پیاوسالار و مەزهەبییە، ژنان و منداڵان بە ڕێگای جۆراوجۆر دەچەوسێنرێنەوە.
هەڵکشانی بێکاری لە پارێزگاکانی عێراق، پارێزگای بەسڕە بەتایبەتی، هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی ئامارەکانی جیابوونەوەیە بۆ جارەسەرکردنی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە پێویستە سەرجەم دەزگا و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان پێکەوە بۆ ئاشتەوایی و ئاساییشی کۆمەڵایەتی کە پەیوەستە بە ئارامڕاگرتنی سیاسی و ئابووری لە وڵاتدا کار بکەن، بەپێچەوانە هەڵاوسانی ئابووری و قۆرخکاریی ئابووری بەردەوام کۆمەڵگە بەرەو ئاقاریکی ترسناکتر دەبات.

